
|
ساڵیاده‌کان ساڵیاده‌کان ١ ساڵیاده‌کان ٢ حیسامی بۆ تاکه ساتێکش له ژیانیدا ته‌سلیمی ویستی دوژمن نه‌بوو من تا ئیستا زۆر جار ویستوومه له‌سه‌ر ژیانی سیاسه‌تمه‌دار، تێکۆشه‌ر و نووسه‌ری ماندوونه‌ناسی گه‌له‌که‌مان، مامۆستا که؛ریمی حیسامی، قسه بکه؛م. به‌ڵام ئه‌و ئیجازه‌یه‌م به خۆم نه‌داوه، چونکه له‌وه ترساوم نه‌کا شتێک له ڕووی ئیحساسه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و که‌ڵه پیاوه باس بکه‌م که شیاوی ناوبراو نه‌بێت. به‌و حاڵه‌ش به پێویستم زانی تۆزیک ده‌ردی دڵ بکه‌م و له‌و ڕێگه‌یه‌وه باسی ئه‌و مرۆڤه ڕووناکبیر و شۆڕشگێڕه بکه‌م. شایانی باسه، مه‌رحومی، مامۆستا که‌ریمی حیسامی، هه‌ر له سه‌ره‌تای ژیانیدا هه‌ستی به ژێرده‌ستی وڵات و میلله‌ته‌که‌ی ده‌کرد و هه‌ر له‌و کاته‌شه‌وه بوو به ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێستا، و دوای تێکچوونی کۆماریش ده‌ستی له خه‌بات هه‌ڵنه‌گرت و ته‌سلیمی دوژمنی وڵات و میلله‌ته‌که‌ی نه‌بوو. هه‌ر به‌و بۆنه‌وه‌ش بوو که که‌وته زیندان و ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی زۆری کێشا، به‌ڵام بۆ تاکه ساتێکش له ژیانیدا ته‌سلیمی ویستی دوژمن نه‌بوو و ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌که‌شی که گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی ژیانی بوو هه‌ر له‌پێناوی ئامانجه به‌رزه‌کانی گه‌له‌که‌یدا فیدا کرد. هه‌روه‌ک له بیره‌وه‌رییه‌کانیشیدا بۆخۆی ئاماژه‌ی پێکردووه، کاتی خۆی باوکی که ویستبووی چاوی پێ بکه‌وی له زینداندا به‌ڵام له به‌رده‌رگا ژاندارم پێشی پێده‌گرن و ناهێڵن چاوی پێ بکه‌وێت و هه‌روه‌ها به ته‌مه‌نی پیری و ڕیشی سپییه‌وه تووشی نه‌خۆشی ده‌بێ و دواتر کۆچی دوایی ده‌کات. هه‌ر به‌دوای ئه‌ویشدا خێزانه‌که‌ی و منداڵێکی له خانوویه‌کی سارد و سڕدا له برسا ده‌مرن و به‌م جۆره‌ش به بێکه‌سی ماڵ ئاوایی یه‌کجاری ده‌که‌ن. به‌ڵام مامۆستا که‌ریمی حسامی به هه‌موو ئه‌وانه‌وه‌شه‌وه ته‌سلیمی دوژمن نابێت و وره‌ی به‌رزتر ده‌بێ بۆ دڕێژه‌دانی خه‌بات له‌پێناوی میلله‌ته‌که‌یدا. دوای ڕزگاربوونی له زیندان دیسان پێوه‌ندی ده‌گرێ به ئه‌ندامانی حیزبییه‌وه و به‌م جۆره کاروباری سیاسیی خۆی درێژه‌ده‌دا و جارێکی دیکه‌ش ژیانی هاوسه‌رێتی پێکدێنێته‌وه. ده‌بێ بگوترێ که مامۆستا جارێکی دیکه تووشی ده‌ربه‌ده‌ری ده‌بێ و ئه‌و جاره‌ش بنه‌ماڵه‌ی تازه‌ی فیدای حیزبی دێموکرات و میلله‌ته‌که‌ی ده‌کاته‌وه. ڕه‌نگه زۆربه‌ی ئێوه‌ش پێتان سه‌یر بێت، به‌ڵام لێره‌دا ده‌مه‌وێ ئاماژه به ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر بکه‌م، ئه‌ویش ئه‌وه‌ی که مامۆستای کۆچکردوومان دوای خۆی و له ژیانی دووه‌می هاوسه‌رێتیدا ده‌بێته خاوه‌نی دوو منداڵی چاوگه‌ش که ئێستا خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ئاکادێمین له سوید. به‌ڵام مامۆستا له‌به‌ر سه‌رگه‌ر‌مبوون به کاروباری حیزبی نه‌یتوانیبوو به چه‌ندین ساڵ بۆ تاقه جاریکیش چاوی به‌و منداڵانه‌ی بکه‌وێت، هه‌ر بۆیه له کۆڕ و موناسبه‌ته‌کاندا که یارانی مامۆستا ساڵانه له وڵاته‌کاندا پێکیده‌هێنن، ناتوانن به زمانی زکماکی خۆیان له باره‌ی که‌سایه‌تیی باوکی کۆچکردوویان چ له‌و کۆڕانه‌دا و چ له میدیاکاندا بدوێن. ئه‌وه بۆخۆی کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه و مرۆڤ تووشی سه‌رسووڕمان ده‌کات. له‌لایه‌کی دیکه‌وه ده‌مه‌وێ ڕه‌خنه له حیزبی دێموکرات بگرم که تاکو ئێستا نه‌یانتوانیوه به‌گوێره‌ی پێویست ڕێز له کار و ژیانی پڕ له به‌رخۆدانی ئه‌و ڕۆناکبیره که‌موێنه‌یه بگرن که هه‌موو ساته‌وه‌خته شیرینه‌کانی خۆی له‌پێناوی ئه‌و حیزبه‌دا به‌خشی. به‌پێچه‌وانه دوای مه‌رگیشی هێشتا که‌سانێک که له کاتی خۆیدا ته‌حمولی ڕه‌خنه کارسازه‌کانی ناوبراویان نه‌ده‌كرد و کتێبه‌کانی مامۆستایان قه‌ده‌غه ده‌کرد، هه‌نووکه نایانه‌وێ پێ له ڕاستییه‌کان بنێنن و سوپاسی بکه‌ن. له‌به‌رئه‌وه بۆخۆیان قه‌ت ڕاست نه‌بوون و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ خه‌ریکی شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتن. ئه‌وه‌ی که ده‌بێ شایانی ناوبراو بێ نه‌کراوه که بتوانی جوابی ڕاستگۆیی و فیداکاریی ئه‌و سیاسه‌تمه‌دار و نووسه‌ره بێت. به‌پێچه‌وانه دوای مه‌رگیشی هێندێک که‌س هه‌ن که نا‌وێرن پێ له ڕاستییه‌کان بنێن و سپاسی بکه‌ن. ئایا تاکو ئێستا جارێک ڕوویداوه که ڕێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردستانی هانی جه‌ماوه‌ر بده‌ن که بچن و تاجه گوڵینه له‌سه‌ر گۆڕی ئه‌و مرۆڤه بلیمه‌ته دانێن؟ من ئه‌و ماوه‌یه‌ی که له خزمه‌تی خاڵم‌دا بووم، شاهیدی زۆر کاری گرنگی ناوبراو بووم که لێره‌دا حه‌ز ده‌که‌م باس له یه‌كێک له‌و بیره‌وه‌ریانه بکه‌م که له‌گه‌ڵ ناوبراودا هه‌مبووه که له‌ڕاستیدا ته‌عبیر له ئه‌وپه‌ڕی ڕاسگۆیی و دڵ‌پاکی ناوبراو ده‌کات. پاش مردنی، تاڵه‌قانی، ده‌وڵه‌تی ئێران خۆپیشاندانێکی له مه‌هاباد سازدا و ئه‌و کات به‌ڕێزان کاک عومه‌ری قازی، مامۆستا حیسامی و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك له گوندی کۆنه‌دێ له ماڵی حاجی عه‌وڵای قازی که بنه‌ماڵه‌یه‌کی نیشتمانخۆشه‌ویست و کوردپه‌روه‌ر بوون، په‌نای دابووین. ئه‌وکات مامۆستا بڕیاری دا به مه‌به‌ستی ڕێکخستنی کاروباری ته‌شکیلاتی بچینه‌وه نێو شار. به‌ڵام دوای ته‌واوبوونی بڕیاره‌که، من هه‌ڵوێستم گرت که نابێ ناوبراو بێته‌وه نێو شار چونکه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌بوو که ته‌قه‌مان لێ بکه‌ن یان تووشی به‌ڵایه‌ک بێت. گوتم خاڵه گیان، ئێمه له ئاسمان به‌دواتدا ده‌گه‌ڕاین، بۆیه نابێ تۆ بگه‌ڕێته‌و‌ه نێو شار. ئه‌ویش له وڵامدا گوتی: "جه‌عفه‌ر گیان، بۆ من فه‌رقی تۆ و که‌ماڵ و ئه‌و پێشمه‌رگانه چییه؟" لێره‌دا بۆیه ئاماژه‌م به‌و سه‌رگوزه‌شته کرد، چونکه خاڵم هه‌میشه هه‌موو که‌سی به چاوێکه‌وه سه‌یر ده‌کرد. له کۆتاییدا هیوادارم خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتی و ڕووناکبیران به‌تایبه‌تی که‌سانی وا له‌بیر نه‌که‌ن و له‌ژێر کاریگه‌ریی هه‌ندێک چه‌واشه‌کاری و بڕیاری عه‌جولانه که به دژی ئه‌و مرۆڤه کوردپه‌روه‌ره دراون سه‌یری که‌سایه‌تی ناوبراو نه‌که‌ن، به‌ڵکو با ئێمه‌ش وه‌کو هه‌موو وڵاته پێشکه‌وتووه‌کان به چاوی ڕێزه‌وه یادی ئه‌و جۆره مرۆڤانه بکه‌ینه‌وه. لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که مامۆستا که‌ریم حیسامی کاتی خۆی و دوای ئه‌وه‌ش به‌بێ حوزوری خۆی به بڕیارێکی ناڕه‌وا له حیزبی دێموکرات ده‌رکرا، به‌ڵام قه‌ت له هیچ گۆڤار و مێدیایه‌کدا دژی حیزب نه‌دوا و به پێچه‌وانه‌ش به‌رده‌وام داکۆکی له حیزب ده‌کرد بۆیه حه‌قی خۆیه‌تی که حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به ده‌رکردنی به‌یاننامه‌یه‌ک ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌و کاتی حیزب وه‌ربگرێته‌وه و به چاوی ڕێزه‌وه ته‌ماشای ئه‌و مرۆڤه بکات. ن. ج. مه‌عروفی شەشەمین سالیادی کۆچی دوایی سیاستمدار ورووناکبیری کورد کاک کەریم حیسامی نووسینی: د.رۆژان خالید من بۆ رێزگرتن لە خەبات و تیکوشانی سیاستمدار و نیشتمانپه‌روه‌ر و نووسەر و روژنامە نووس، هاورێ و دۆستی خۆشەویستم بەرێز کاک کەریم حیسامی ئەو وتارە دەنووسم و پێشکەشی خوێنەرانی بەرێزی دەکەم. بێگومان زۆرن ئەو کەسانەی لە مێژوودا ناویان بۆ هەمێشە لە ناو خەڵکی کوردستان بە سەربەرزی دەمێنێتەوە و نەوە و وەچەکانی داهاتووی ولاتەکەمان و بگرە هەموو جیهانیان بە چاوێکی رێزەوە سەیریان دەکەن و وەک مرۆڤەیەکی نەتەوەیی لە بەرچاویان دەگرن تەنانەت زۆربەی لاپەرەکانی مێژوو باسی ئازایەتی و رووناکبیریان دەکات ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ئەم کەسانە رۆڵی سەرەکیان بینیوە لە زۆربەی رووداوە گرینکەکانی کۆمەڵگای کوردەواری و شۆین پەنجەیان بەسەر رووداوەکاندا دیارە. یەکێک لەو کەسانەی کەوا لە مێژووی جولانەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستان لە بوارەکانی سیاسی و رووناکبیریدا رۆڵی بینیوە، بە تایبەتی لە رۆژهەلاتی کوردستان خودالیخوشبو کاک کەریم حیسامیە. ناوی بەرێز کەریم حیسامی بە گشتی بۆ خەلکی کوردستان و بە تایبەتی بۆ رێبوارانی رێگای ئازادی و کوردایەتی ناویکی ناسراوە و من خۆم زۆر لەوە بە پچوکتر دەزانم کە ئەو ناودارە مەزنە و تێکوشەرە بە خەڵک بناسینم، بەلام بە ئەرکی سەر شانی خۆم دەزانم بۆ رێز گرتن وپێزانین و ئەمەک دۆستی لە هەستی دۆستایەتی و ژیانی چەند ساڵ هاوخەباتی لە ریزی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا یاد وبێرەوەری ئەو مامۆستایە لە بێر نەکەین. لێرە دا بە پیۆیستی دەزانم لە سەرەتا ئاماژە بە خاڵێکی گرینک بکەم. کە ئەویش ئەوەیە لە کۆنەوە لە کوردستان باو بووە وئەمرۆش بووتە رەسم و سوننه‌ت ئەگەر مرۆڤیکی سیاستمدار و حیزبی و .... چوو سەر حەقی خۆی و کوچی دوایی کرد بە دەیان وتار و نووسراوە لە سەری بڵاو دەکرێتەوە و چلەی ماتەمین و ساڵیادی بۆ دەگرن، دیرە ئەویش زۆرتر لە بەر کاری حیزبایەتی و رەفیقایەتی و خزمایەتییەوەیە ویا لە بەر دەوڵەمه‌ند بوون و عەشیرەتی مردوکەیە. بەڵام بە داخەوە هەتا ئێستا من بە چاوی خۆم هێچ وتاریەک و یا نووسراوەیەکم لە چاپەمەنیەکانی کوردی‌دا لە سەر ژیان و تێکوشانی کاک کەریم حیسامی نەبێنیوە و لە سەر شاشەی میدیاکانش شتیکی وام لەوبابەتەیەوە چاو پێ نەکەوتوە، ئەویش دەگەرێتەوە سەر کەسایەتی خۆدی کاک کەریم کە لە ساڵانی ئاخری تەمەنی دا بە هیچ هێزو گرووپی سیاسی کوردی و غەیری کوردی وابەستەگی نەبوو و خۆی تێکڵاوی کاری حیزبی نەدەکردو بۆ خۆشی وەک مرۆڤیکی نیشتمانپه‌روه‌ر لە بنەماڵه‌یێکی هەژار و دەست تەنگ بە دونیا هاتبوو و خاوەن عەشیرەت و حیزب نەبوو و هەر بە هەژاری و دەست ته‌نگی لە تاراوگە دا ژیا و سەرینایەوە. من ناتوانم لەم وتارە کورتە دا بە سەر هاتو و ژیان و بیرەوەری کاک کەریم بنووسم لە بەر ئەوە ئەمە کاری من نییە و کاتیکی زۆریشی گەرەکە، دیارە هەر وەک ئاگادارن کاک کەریم بۆ خۆی بیرەوەریەکانی لە چەند بەرگ کتێب دا تۆمار کردوە و پێشمواییە کە ناوبراو هێچی بۆ خەلک نەیشتوتەوە کە نەنووسرا بێت و شاراوە بێت هەتا من لە سەری بنووسم. مەبەستی من لە نووسینی ئەم وتارە تەنیا بۆ رێز گرتن و یادی ئەو مرۆڤە خوشەویستەیە کە ساڵیانێکی زۆر پێکەوە دۆستایەتیمان هەبوو وبە قه‌ولى کورد دەڵێ: پێکەوە نانێکمان لە سەر سفرە لەت کردوە: هەر وەک ئاگادارن کاک کەریم هەر لە سەرەتایی ژیانی منداڵی‌یه‌وە تێکەڵاوی و هاوبەشی بزوتنەوەی نیشتمانی، خەباتی سیاسی و ریکخراوەیی و شورش و چالاکی خەڵکی کوردستان بوو، لە ئاست و پلەی جۆاوجۆردا بەشداری کاری سیاسی و حیزبایەتی بوو، تەنانەت گەیشتوتە ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات و جێگری سکرتێری ئەو حیزبە. هەر چەند بەشیکی زۆری ژیانی لە دەرەوەی ولات دا بردوتە سەر بەڵام هێچکات بە بیروباور لە نیشتمانی خۆی دوور نەکەوتوتەوە و لە وماوەیەدا چەندین وتار‌و کتێب لە ئاستی سیاسی و میژووی و روشنبیری دا نووسیوە. لە په‌ناهەندەیی و لە ژیانی دوورە ولاتێدا کاک کەریم هەمیشە بێ‌وچان، بێکۆلدان تێکوشاوە و هەتا ئاخرین رۆژانی ژیانی خۆی درێژه‌ی بە خەباتی کوردایەتی وروشنبیری داوە. لە نێو رۆژنامەکان، گۆڤارەکان، بڵاوکراوەکاندا بە زمانەکانی کوردی، فارسی و عەرەبی دەیان لێکولێنەوە و وتاری نووسیوە وبڵاوی کردوونەتەوە. کاک کەریم لە باری سیاسی وبیروبۆچوون لە ناو مڵمڵانی و هەڵە و وەرچەرخاندنی سیاسی و دووبەرەکی لە نێو بەزاوی کورددا هەمێشە بە پێێ بەرژەوەندیی بەرزی نەتەوەیی بۆ قازانجی کورد جوڵاوەتەوە، دیارە من ناڵێم کە ناوبراو لە ژیانی سیاسی و حیزبایەتیدا تووشی هەڵە وبۆچوونی خەڵەت نەبوو، بەڵام راستییەیەک هەیە ئەویش ئەوەیە کە هەرگیز کاک کەریم لە خەتی نیشتمانی و کوردایەتی لای نەدا و هەرگیز بە هیچ بەهانەیەک تێکەڵاوی لە گه‌ڵ دوژمنانی گەلی کورد و داگیرگەرانی کوردستان نەکردو بە بەرژەوەندی وان نەجوڵایەوە و شتی نەنووسێ. ئەمرۆ ئێمە پێکەوە لە ساڵیادی ماتەمینی مرۆڤێک کە بۆ خۆی ناسنامەیەکی دوورودریژی هەیە، کاروانی ژیانی ئەو پرە لە دەردە سەری و هەورازونشێو، تاڵی و خوشی و ناخوشیەکانی، رووداو‌و وەرچە‌رخانەکانی، هەمو بە یەکەوە دروست کردنی کەسایەتیی ئەو پیاوە گەورەن. ئەو نە تەنیا مرۆڤیکی سادە وساکار نەبوو، بەڵکو خاوەن پلەیەکی بەرز لە سیاست و زانایەتی لە بەرزترین تاستی کوردستان بە دڵ وگیان و بیر‌و ئەندیشە تێکەڵاوی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد بوو. کاک کەریم هەمو دۆست و دوژمنانی گەلی کورد بە یەک چاو چاولێدەکرد هەر کەس دۆستی کورد با خوشی دەویست و هەر کەس نە یاری کورد با ناخوشی دەویست رەقی لێدەبووە ئەو چەندین کەرەت جەنایەتی داگیرکەرانی کوردستان لە هەمو پارچەکانی لە قاودا و لە مەر زۆلم‌وزۆری رژێمەکانی دیکتاتور و دژی گەلی سەر کوردستان چەندین وتار و لێکولینەوەی نووسیوە. دیارە کاک کەریم تەنیا سیاستمداریەک نەبوو بەڵکو ئەو بەشیکی زۆری ژیانی پى لە شانازی خۆی ته‌رخان کردبوو بۆ نووسین و تۆمارکردنی رووداو‌و بە سەر هاتەکانی میژووی سیاسی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان هەر لە راپەرینی سمکۆی شکاکەوە بگرە هەتا مێژوویی کۆماری کوردستان و جوڵانەوەی سیاسی و خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان لە پیش شۆرشێ ئێران و لە دوای شورشیشەوەش. ئەو لە تاراوگەش دا لە سەر پرس و کێشەی کورد بێ لایان نەبوو بەڵکو بۆ خۆی مەڵبەندیکی راوێژکاری و روشنبیری بە ئەزموون بوو بۆ هەمو لایەک بە کەڵک بوو، و تا ئەو رۆژەش لە غەریبایەتدا سەری نایه‌وە و بە یەک جاری ماڵئاوایی لێ‌کردین ئەو رەوشتە جوانەی پاراست. بەداخەوە لە کاتی کوچێ دوایی و ماڵئاوایی کاک کەریم لە ولاتی سوئید لە رێکەوتی 6-10-2001 من لە کوردستان بووم هەر بۆیە نەم توانی ئەرکی سەر شانی خۆم بەجێ بهێنم و لە مه‌راسمی ناشتنی و پرسە وسەرەخۆشیدا بەشدار بم، من جگە لەوەی جارێکی دیکە سەری رێز‌و حورمەت ووەفا و پێ‌زانین بۆ نەمر دادەنوێنم و دەڵێم تۆ وەک مامۆستا هەمیشە خۆشەویستی دۆستان و هاورێیانت بووی و هەرواش دەمێنیه‌وە لە یادوبیری ئێمە دادەژێ. سلاۆ و نەمری بۆ یاد و بیرەوەری ئەو مرۆڤە خۆشەویستە کە تا دواهەناسەی ژیانی خۆی سوور بوو لە سەر رێبازی نیشتمانی و کوردایەتی. یادی بە خێر |
|
||||
|
هه‌مـــــوو مـــــــافه‌کانی پــــارێزراوه. ٢٠٠٩ - ٢٠١٥ مـــــــاڵپه‌ڕی مامۆستا که‌ریم حیسامی |
||||||